سێزدەمان لە خۆمان دەر نەدەکرد، «چوونکێ سێزدە نەخس بوو و پێمانەوە نەدەھات!؟ نەخێر نەوەڵا نەکا دز بێ و تاڵانمان کا، ئەگەر دز بێ و شتێک بەرێ، ئابروشمان دەچێ»
ئەوە بابم دەیفەرموو!
نەدەچووینێ ھیچ جێ من لە بەر درگا ھەڵدەتورشکام و سەیری خەڵکیم دەکرد کە دەچوونە دەرێ، ئەو ناڵەشکێنەیە رێی رێداری نەبوو، کۆستە و بەردە رەش و بەردە زردیش ھەر وەتر، زۆربەی خەڵکی بە پێیان دەروێشتن، ترۆمبیل ھەر نەبوو، جیرانەکان ھەمووی دەروێشتن بۆ سێزدەبەر، بەر لە چۆڵ کردنی ماڵێ دەیانزانی لە ماڵ دەبین دەھاتن لە درگای ماڵی ئێمەیان دەدا و دەیانگووت دا زەحمەت نەبێ جار جار چاوێکیشتان لە ماڵی ئێمە بێ!
دەبوو نیگابانیمان بۆ ھەموو دراوسێکانیش دابایە.
ساڵێكی دایكم منی بە ماڵە جیرانێک دا نارد بۆ سێزدە بەدەر، لای عەسر بە خێری خۆیان منیان برد نیشان بەو نیشانە پووشێکیان خورمای بەم پێ بوو، سەرو دەنکیان خورما گێرا و گووتیان ئەو خورمایە زۆر عالە با ھەڵیگرین بۆ رەمەزان!
ناڵەشکێنە دونیای من کردبوو بە دوو کوتەوە ئەو بەری ناڵەشكێنەم پێ بنی دونیا بوو، ئەو کێوەم پێ لە ئەوێرێست بەرزتر بوو، لە ھاڵەکەی ماڵە یەک قاتەکەی خۆمانەوە قەبری حەسەن زیرەکم لێ دیار بوو، ئەو دەم خانووبەرە تا نێو قەدی ناڵەشکێنەی نەتەنیبوو!
بە ئاواتەوە بووم ماڵە جیرانێکمان بچنە ناڵەشکێنە و منیش لە گەڵ خۆیان بەرن!
وەڵا ساڵێکیان ئاواتەکەم ھاتە دی.
دادەسارا و دادە زێنەبی جیرانمان ھاتن لە درگایان دا و گووتیان ئەوە دەرۆین بۆ ناڵەشکێنە، ئەرێ بێ زەحمەت کەریمان لە گەڵ نانێرن با پیاوێکمان لە گەڵ بێ چاکە!؟
شاییم لە دڵ گەڕا گەرچی ئەم جارەش ھەر نیگابان بووم بەڵام لە دەرێ، ئەو رۆژە چوومە لوتکەی کێوەکە و ئەو بەشەی دیکەی دونیاشم بینی پێم وابوو تەواوی دونیام دیوە.
ئەو رەوندی نە چوونە دەرێ ھەر بەردەوام بوو تا گەورە بووم و ئیدی وا بوو قسەم بڕی دەکرد و بە دایکم گووت دۆکڵیوێکی خەست و خۆڵمان بۆ لێنێ و برێکیش دۆڵمە بپێچێتەوە
و وەک ئەو خەڵکە با ئێمەش سێزدەبەدەرێک بچینە دەرێ خۆ دونیا کاول نابێ!
بەڵێ باروبنەمان تێکناو شڵنگمان لە خۆمان داو ھەستاین دەرباز بین ئەوندەم نەزانی تەلەفوونەکەم زیرەی لێ ھەستا.
ئەو ساڵە تازە فیلمی «کاتێک بۆ سەر خۆشی ئەسپەکان» نمایش کرابوو و لە دونیا دا دەنگی دابۆوە، کاک بەھمەن قوبادی راست بەیانی سێزدەبەدەری ئەو ساڵە تەلەفوونی بۆ کردم گووتی ئەوە لە بانەم لە ماڵی تاوێک دێمە بۆکان؟
گووتم بەڵێ و بەخێرێی...
ئەو رۆژەش سێزدە بەدرمان لە ماڵی خۆمان بەدەر کرد...
لە راستەوە:
نەفەری یەکەم کامیلی برام، نەفەری دووھەم و سێھەم خاڵۆزای بەھمەن، نەفەری چوارەم خوالێخۆشبوو حاجی ئەحمەدی باوکم، پێنجەم بەھمەن قوبادی، شەشەم کاک حسینی برام، حەوتەم کاک حەسەنی برام و ھەشتەم خۆم «كەریم بەختیاری»
@hawarstudio