مردنی ئەندازیاری لادان و بەلاڕێدابردن
زۆرن ئەوانەی دژایەتی ئیسلامیان کرد بە درێژایی مێژوو و سەرکەوتوو. جا ئەوانەی دژایەتی ئیسلامیان کرد بەشێکیان لە دەرەوە ئاڵای دژایەتیان هەڵگرت و بەشێکی تر لە ناوەوە ئەو کارەیان کرد، بەڵام ئەوانەی لە ناوەوە و بەناوی ئیسلام و قورئان و نوێخوازی و عەقڵانیەت و ریفۆرم و پاککردنەوەی توراس و ... هتد ئەو کارەیان کرد کاریگەریان زیاتر بوو لە گومڕاکردن و بەلاڕێدابردنی خەڵک، چونکە دیارە هێشتا موسڵمانان بایی ئەوەندە حەماسەتی ئەوەیان ماوە دژی ئەوانە بن کە بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا دژایەتی دینەکەیان دەکەن، بەڵام کاتێک کەسێک دێ هەر بەناوی قورئانەوە دەست دەکا بە تێکدان و شێواندنی دین ئەوا خەڵکێکی بەرچاو هەیە گوێی بۆ بگرێ.
ئەندازیاری سوری محمد شحرور یەکێک بوو لەوانە کە لە پەنای قورئان دژایەتی ئیسلامی کرد چونکە دەیزانی ئەوە رێگا کاریگەرەکەیە بۆ فریودانی خەڵک. ئەوەی شەحرور کردی هیچ مولحیدێک نەیکردووە چونکە ئەو هەر بەناوی دینەوە شتێکی نەهێشتەوە لە بنەما جێگیرەکانی دین نەیگۆڕێت و بەلاڕێیدا نەبات، لەو لینکەدا دەتوانن سەیری هەندێک لە گومڕاییەکانی ئەو کابرایە بکەن کە پێشتر لە پەیجدا بڵاومان کردۆتەوە:
https://www.facebook.com/gwman.walam/posts/1595485844079350:0?__tn__=K-Rئەوەی جێی سەرسوڕمانە لە دوێنێوە زۆرێک لە موسڵمانان لە پۆست و کۆمێنتدا رەحمەتی بۆ دەنێرن و بەلایان نە بایە نە باران! بێگومان ئێمە ناڵێین شەحرور جەهەنەمیە و ئەوە کاری ئێمە نیە تەنها خوا خۆی دەزانێ چارەنوسی قەبر و قیامەتی چۆنە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە رەحمەتی بۆ بنێرین دوای ئەو هەموو لادان و بەلاڕێدابردنەی کردی لە دینی خوا، دوای ئەو هەموو کتێبەی بڵاوی کردەوە و ئەو بەرنامانەی لە کەناڵە ئاسمانیەکان پێشکەشی کرد کە پڕیەتی لە کوفری صەریح و بێ رێزیکردنی ئاشکرا بەرامبەر خوا و پێغەمبەر و رەتکردنەوەی فەرموودەی صەحیح و بێ نرخکردنی پێغەمبەرایەتی و وەحی و فەتوای سەیر و سەمەرە و حەلالکردنی حەڕام و حەلالکردنی زینا و .... هتد هەندێ لە پۆستەکان دەڵێن ئەویش اجتهادی کردووە و رای جیاوازی هەیە و ئەوە شتێکی ئاساییە!! دەی خۆ بەو حیسابە بێ نەمرود و فیرعەون و ئەبو جەهل و ئەبو لەهەبیش رای جیاوازیان هەبووە و اجتهادیان کردووە.. ئایا رەحمەت بۆ ئەوانیش بنێردرێ؟!
دووبارەی دەکەینەوە کە ئێمە حوکمی جەهەنەم بۆ شەحرور و غەیری ئەویش نادەین و ئەوە کاری ئێمەی مرۆ ڤ نیە و پێشمان خۆش نیە خەڵک بەرەو جەهەنەم بچێ، بەڵام بەگوێرەی کردەوەکانی و کتێبەکانی و بەرنامەکانی ئەگەر تەوبەی لێ نەکات بە راشکاوی و ئیعلانی نەکات کە پەشیمانە لەو کوفر و گومڕاییەی بڵاوی کردۆتەوە ئەوا پێناچێ مەصیری باش بێ لە قیامەتدا و خوای گەورەش خۆی زاناترە.
#ئەیاد_ئەحمەد