كاتێك لە ئۆفیسی رۆژنامەكەی بووە لە ئیستەنبۆڵ ، سەیری هەواڵەكانی كردووە. لەوێ هەواڵێكی رۆیتەرزی بینیوە كە بەكورتی باسی هەڵەبجەی كردووە “بەپەلە لەڕێگەی كۆنسوڵخانەی ئێرانەوە خۆم گەیاندە تاران و لەوێوە چوومە هەڵەبجە، كاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی 18/3/1988 لەناو هەڵەبجە بووم”.
ئایا خەڵك دەتوانن هەڵەبجەیان بیربچێتەوە؟ رەمەزان ئۆزتورك، سەری رادەوەشێنێ و لەبەرخۆیەوە دەڵێ “نا”. جارێكی دیكە وەڵام دەداتەوە “هەرگیز نا”.
30 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕیوە كە رەمەزان ئۆزتورك نەیدەزانی كامێراكەی روو لە چ لایەك بكات. مەڵۆی تەرمەكان و دیمەنی دڵسووتێنەری منداڵان و دایكەكانیان، كوچە و كۆڵانی تەرمڕێژ. ئەو یەكە بە یەكە سەیری وێنەكان دەكاتەوە و بەهێواشی، وەك بڵێی قسە لەگەڵ ئەو منداڵانە بكات كە لەلایەن دایكیانەوە دوا ماچی ژاراوی كران، دەیگوت: “من ناوم لێنان (شەهیدی بێدەنگ)”.
كاتێك گەڕایەوە بۆ توركیا ، بە هەگبەیەكی پڕ لە وێنەی گرانبەها و دانسقەوە، كە جیهان چاوی لە ئاستیان داخستبوو، رەمەزان ئۆزتورك، وێنەی عومەری خاوەری بڵاوكردەوە، كە لە وێنەكەدا عومەری خاوەر باوەشی بە نەوەكەیدا كردووە، جیهانێكی بێدەنگی تاسان، ئیتر كاتی ئەوە نەمابوو بۆ بێدەنگی. رۆژانی دواتر، چیدی ئەو ئۆزتوركەكەی جاران نەبوو، هەموو دەیانویست بزانن چیدی شكدەبات لەبارەی كارەساتەكەی سەدەی بیستەم.
ئۆزتورك پێیوایە كامێراكان زۆر كەمیان لەبارەی هەڵەبجەوە گێڕاوەتەوە “ئەوەی بینیم، نە دەنووسرێتەوە، نە وێنەی دەكێشرێت ، نە دەگێڕدرێتەوە”، ئینجا باسی منداڵانی دەكرد “هەبوو هێشتا دەمی بە مەمكی دایكییەوە بوو. هەبوو دەستی لە ملی باوكی كردبوو. هەبوون لەتەنیشت سفرەی نانخواردنەوە كەوتبوون. دووانم بینین هێشتا مابوون و باوەشیان بە باوكە مردووەكەیاندا كردبوو، بەڵام هێزی قسەكردنیان نەبوو. دواتر عومەری خاوەرم بینی. ئەو وێنەیەم لە دوو شوێنەوە گرت. لەخۆمم دەپرسی: منداڵەكەی عومەر 5 جۆر ژەهری هەڵمژیوە؟”.
🆔
@all_art