دووهەمین کارگەی لێکدانەوە و خەسارناسیی گۆڤارە خوێندکارییەکانی زانکۆی کوردستان لە لایەن گۆڤاری فەرهەنگی و ئەدەبیی هۆنەوە بەڕێوە چوو.
لەم دانشتنەدا گۆڤاری ئاوزین (گۆڤاری ئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان) خرایە بەر باس و ڕانان.
لەم دانیشتنەدا دوکتۆر محەمەد حەقمورادی (کۆمەڵناس و خاوەن گۆڤاری بیر و هزر) و دوکتۆر زانیار نەشبەندی (زمانناس و مامۆستای بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان) وەکوو وتاربێژانی پەنێلی لێکدانەوە و خەسارناسی ئامادە بوون.
سەرەتا ئێحسان میرەکی، بەرپرسی گۆڤاری هۆنە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و پاشان کورتەیەکی لە سەر دۆخی گۆڤارە خوێندکارییەکانی زانکۆ ئاراستە کرد. لەم پێشەکییەدا میرەکی ئاماژەی بەوە دا کە ڕادەی چالاکیی گۆڤارە خوێندکارییەکانی زانکۆ زۆر لە خوارۆیە و لەم دواییانەدا ماڵی گۆڤارە خوێندکارییەکانمان نۆژەن کردۆتەوە و هیوادارین ئەم هەنگاوە کاریگەر بێت لە گەشەی دەڤەری گۆڤارگەریی خوێندکاری لەم زانکۆیەدا.
پاشان وتاربێژی یەکەم، دوکتۆر محەمەد حەقمورادی باسێکی لە ژێر ناوی گۆڤاری خوێندکاری و ڕێژەی ئەو لەگەڵ کۆمەڵگادا پێشکەش کرد. لەم باسەدا ئاماژەی بۆ مێژووی سەرهەڵدانی گوتاری ئەکادیمیک لە ئێراندا کرد و باسی دۆخی گۆڤارگەریی خوێندکاری و کوردی و ئاستەنگەکانی ئەم دەڤەرەی کرد. لە کۆتایی قسەکانیاندا ئاماژەیان بە چەندین خاڵی بەهێز و لاواز لە گۆڤاری ئاوزین کرد.
لە درێژەدا دوکتۆر زانیار نەقشبەندی وەکوو وتاربێژی دووهەم بە چەند پرسیارەوە باسەکەی دەست پێ کرد کە پێوەر و پێوانەی هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەم چەشنە گۆڤارانە چین و دەبێ لە چ ڕیزێکدا دایانبنین؟
دوکتۆر نەقشبەندی ئاماژەی بە گرافیکی ئاوزین و گۆڤارە خوێندکارییەکانی تر کرد کە دەبێ گەڵاڵەکانیان ژیرانەتر دابڕێژن و ئاگایان لە ستانداردەکانی ڕۆژی گۆڤارگەری ببێت.
دوکتۆر بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان یەکێک لە ئامادەبووانی کۆڕەۆە باسی جیاوازیی ژۆرناڵ و مەگەزینیان کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە گۆڤارە خوێندکارییەکان لە ڕیزی مەگەزیندان و پێشنیاریان کرد کە زانکۆ ماڵپەڕی تایبەت بەم گۆڤارە خوێندکارییەکان ڕێک بخات بۆ دانانی فایل و ناسنامەی ئەم گۆڤارانە.
دوکتۆر یادگار کەریمی یەکێک تر لە ئامادەبووانی کۆڕەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە مامۆستایانی زانکۆ دەبێ زۆرتر و هەستیارانەتر ئاگایان لەم گۆڤارانە بێت و یارمەتیی خوێندکاران بدەن.
دوکتۆر زاهد شەمیش وەکوو مامۆستای بەشی شیمیی زانکۆ زیادی کرد کە دەبێ جیاوازیی نێوان گۆڤارە زانستییەکان و غەیرەزانستییەکان دیاری و ڕوون بکرێنە و پاشان قسە لە سەر گۆڤارە بکرێن.
شەفیع جەوادزادە بەرپرسی گۆڤاری بیدار لە درێژەدا وەکوو تێچنێک ڕەخنەی لەوە گرت کە بڕێک لە مامۆستایان لە جیاتی ڕاوێژ و هاوکاری، زۆرتر ئەمر دەکەن و گۆڤاری خوێندکارییەکان وەکوو سەکۆی دەنگی خۆیان چاو لێدەکەن.
گۆڤاری فەرهەنگی و ئەدەبیی هۆنە، زانکۆی کوردستان، سنە
➣
@HONE_UOKئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان، سنە
➣
@KLLSS_UOK