گەر دانیشم باس لە تاڵی جودایی و دووری تۆ بکەم ئازیزم بە تەواوی شەکردان و قەندانی ئەم دونیایە بە دڵمەوە نانووسێ بابەتی ڕۆشتنت..
ڕۆشتنت چی بەسەرم هێنا ئازیز گیان؟
دوای ڕۆشتنت؛
وەک مناڵێ کە دایکی لێ ون بووە
وەک دارێ بێ گەڵا بووە
وەک دایکێ ڕۆڵەی شەهید بووە
وەک زانا کە بێ بابە خالید بووە
وەک مامۆستا ناسر کە بێ سنە بووە
ڕەنگە زیاتر لەوان ،ڕەنگە کەمتر لەوان هەستم بە نەبوونت کرد
هەستم بە کوێری کرد
هەستم بە بێکەسی کرد
هەستم بە ڕووخانی ناخم کرد
هێندە هەستەکان کاولی کردم وابزانم بۆیە چیتر هەست ناکەم.
ئازیزەکەم دوای ڕۆشتنت
دام لە لێوم تەقەڵی بێدەنگی
دام لە دڵم پاشکۆڵی خۆشەویستی.
ئازیزەکەم ڕۆشتنت تاڵە قژەکانمی سپی کرد
هێندە سپی بەفری ئەمساڵ لە بەرامبەری بۆنی تۆخی گرت
ئازیزەکەم خۆ تۆ وتت هەر ئازیزت ئەمێنم
بۆچی لێم بووی بە ئازار؟
بووی بە ئازارێکی زۆر زەلام لە دڵم دا
هێندە زەلام کە تەواوی شەقامەکانی ڕۆحمی گیرۆدەی خەمۆکی کرد وا گیرۆدەی تۆ بووم
کە وام دەزانی دوای ڕۆشتنت بە دڵتەنگی دەمرم
بەڵام هەرگیز چلەی نەچوو ئەو دڵتەنگیم
هەمووکات کفنەکەی تەڕە باوانم
باوەڕ ناکەم ئەم شارە چیتر بۆنی تۆی لێ نییە
چیتر تۆ نەبینم چیتر هەبوونت هەست نەکەم چیتر دەنگت نەبیستم
نازانم تاوانی شارەکەیە بۆنی تۆی گرتووە یا خۆم تێکەڵت بووم
نازانم خۆم بخەمە ناو کام چەم و ڕووباری ئەو شارە خۆم داشۆم تا چیتر بۆنی تۆم لێ نەیەتەوە؟!
نازانم خەون و خەیاڵ و بیری تۆ لە کام زبڵدانی شارەکە بەجێ بەهێڵم تا چیتر تۆم بیر نەیەتەوە؟!
خەجاڵەتم زەمەنێکە ڕۆشتووی
بەڵام هێشتا ئاشقتم
ئازیزم.
#عەبدوول_پاتێر