@kazivekurdiچەندە خاوێن و ڕەسا ئەی بولبولی مەستی بەهار !
خستتە زاران دەنگی گیراوی گەلێکی تاسەبار
بەس بە بانگی بەند و بەستەی پڕ ئەوینت مەست ئەبم
دەستی ئاوازت لە ژینگەم بێوچان ئەیکا بژار
گوێم بە بانگی دەنگی بێوێنەی ئەتۆ بەربوو، بڵێ ؛
گەر نەبیسم سۆزی دەنگت، چۆن دەبێ هەمبێ قەرار؟
گیانەکەم ! "کاڵێ "و "گەلاوێژ" ، "چیمەن" و مینای گەلت
سەدهەزاران چقڵی تیژن بۆ زەبوونانی نەیار
نیشتە سەر چۆک "گۆمەشین"ت چەشنی ئەسپی دەستەمۆ
بێ زیانە و سوژدەبەر بۆ ڕۆخ و ڕووبار و زنار
کامە مەزرای هەستی کوردە، لێوی تینووی تەڕ نەکا
نەرمەبارانی "دەبارێ "وا لە هەستت دێتە خوار
کامە لاپاڵ و قەد و شیو و ڕەوز نەیبیستووە
زایەڵەی ئاوازی ناوازەت لە بەرزایی و بنار
شەرتە شانازی دەکا مێژووی گەلێکی دەوڵەمەند
تا شکۆداری بەوێنەی تۆی هەبێ ئەی ڕێزدار
گەر دەنۆسێ زایەڵەی شاعیر لە تۆ ئازا نییە
فەخرە بۆ پێنووس کە نێوی بەرزی تۆ بێنێتە زار
تێک دەوە" بارگەی خەم"ی خۆت، پێکەوە نێ سەرلەنۆ
باری ئازادی و ئەوینی پڕ لە هیوات بۆ دیار
#مادێح_کۆنەپۆشی
18ی جۆزەردانی 2722
بۆ مامۆستا ناسر ڕەزازی