🍃🍃
@mamosta_qani 🍃🍃
مامۆستا قانع
شێعری : گفت وگۆی دوو بولبول
جارێ بولبولێ سەربەست و ئازاد
ئەسووڕایـــــەوە زۆر بە خاترشاد
لەم دار بۆ ئەو دار، لەم چڵ بۆ ئەو چڵ
لەم باخ بۆ ئەو باخ، لەم گوڵ بۆ ئەو گوڵ
مانگێ لە کوێسان،مانگێ لە گەرمیان
ڕۆژێ لـــە دێهات، ڕۆژێ لــــە شاران
ڕۆژێ رێی کەوتـــــــە داڵانی ماڵێ
خاوەن دەسەڵات حاڵ و ئەحواڵێ
نواڕی قەفەزێک لە زێڕکراوە
لە گۆشەی داڵان هەڵواســـراوە
بولبولی تیایە ئەخوێنێ بە گــەرم
تێ ئەچرکێنێ بە بانگی بێ شەرم
قاپێ پڕ دانە قاپێ پڕ ئـــاوە
لە ناو قەفەزدا ، بۆی دانراوە
بولبولی ئازاد وتی: ئەی بولبول
لەمن خراپتر ئاشق بەڕووی گوڵ
جێم بکەرەوە، بمبە ژووری خۆت
لەو دان و ئاوە کەئەیهێنن بۆت
بەخێوم بکە با دراوسێت بم
هەر وەک خزمەتکار خاکی بەرپێت بم
بولبولی گیراو وتی بەسەربەست:
لەشێت خراپتر، بەخۆڕایی مەست
مەگەر نازانی ئەمە زیندانە
ئەم دان و ئاوە گشتی سـندانە
ئەو گۆرانییە کە من ئەیخوێنم
شین و گریانە، خۆم ئەلاوێنم
ژیانی گیراوی وەک زەهری مارە
کەی ئەساچێنێ هەرکەس هۆشیارە
بە سکی برسی لە چلەی زستان
سەربەست بگەڕێم کوێستان بە کوێستان
خۆشترە لە ناو قەفەزی ئاڵتوون
لەسەر تەختی شا بەزاری و زەبوون
ئەم دان و ئاوە بە میراتم بێ
چون هیوام نییە قەت نەجاتم بێ!
🍃🍃
@mamosta_qani 🍃🍃