ئێوارە داهات دیسان دڵتەنگەم
نەماوە توانای گاڵتە و جەفەنگم
زەردەی خۆرەتاو ئاوا بوو لە کەل
یەخەی ڕۆژی گرت دەستانی ئەجەل
بەرەو تاریکی دەڕۆیی وڵات
ئێوارەیەکی کپ و گرژ و مات
شەو باڵی کێشا بەسەر گۆی زەوی
بە ڕەش چندرا تان و پۆی زەوی
ئەستیرەی بێ گیان دەدرەوشان لە دوور
مانگیش لاواز و بە بێ هێز و نوور
شەوە و دونیایەک خۆف و مەترسی
سەدان کەس تێر و هەزاران برسی
شەقام بێدەنگ و کۆڵان بێ سەدا
لوورەی گورگی شەو یانی ڕەشەبا
گەڵای بێ گیانی دەبرد لەگەڵ خۆی
بەرەو نادیار بێ مەنزڵ دەڕۆی
من و کۆڵان و شەوێکی تارێک
شەقام پڕ خۆف و ڕێگایەک بارێک
ترپەی دڵی خۆم دەهاتەوە گوێم
ترپەی دڵم بوو لەگەڵ خشپەی پێم
لە ناو دڵی شەو دەنگی دەداوە
تا بڵێن بە شەو ڕێبوار هەر ماوە
منم ڕێبواری دڵی شەوەزەنگ
دەڕۆم بێ کەس و بێ یار و هاودەنگ
تاکوو بوولێڵەی بەیان دەبینم
ڕۆژێکی ڕوون و عەیان دەبینم
تا بە دیداری یاری نازەنین
شاد دەکەم دڵەی بێ کەس و خەمین
تا دیسان دەستم بگرێ پەنجەکەی
چاوم سەیر کا لار و لەنجەکەی
هەڵقوڵێ کانی شێعر و هەڵبەستم
ئاخر وەک "هێمن" من جوانپەرەستم
بگرم لە باوەش شلکە باڵاکەی
بە دەست شانەی کەم بسکە ئاڵاکەی
بڵێم هەرماوە جوانپەرەست باوی
"کاوە" ناهێڵێ بزر بێ ناوی
#کاوەداشبەندی🌾
@dloowan