🧳 کاتێ دەسەڵاتی بەعس بەوپەڕی بێشەرمییەوە کۆمەڵکوژی کورد بە ئەنفال ناو دەبات.
🧳 کوردێک دوای ٨ ساڵ زیندانی و دیلبوون لە ئێران دەگەڕێتەوە و دەبینێ بنەماڵەکەی نەماون. ئەویش نامە بۆ سەدام دەنووسێ و ئەویش وڵامی ئەداتەوە.
عاسی مستەفا ئەحمەد ئەو سەربازە عیراقیەی كە هاوسەر و منداڵەكانی لە شاڵاوی ئەنفالدا بێ سەروشوێن بوون، ۷ــ۵ــ۲۰۲۲ بە نەخۆشی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسدا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عاسی مستەفا ئەحمەد، لەدایکبووی ساڵی 1952 خەڵکی شاری چەمچەماڵ کە ژنێک و سێ منداڵی هەبووە، بردراوە بۆ سەربازیی لە سوپای عێراقدا و ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران کراوە و لە ڕۆژی 27/3/1982 بە دیلی کەوتووەتە دەست سوپای ئێران و هەشت ساڵ دیلی ئێران بووە.
ڕێکەوتی 24/8/1990 لە کاتی گۆڕێنەوەی دیلەکانی نێوان عێراق و ئێراندا ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە چەمچەماڵ، بەڵام چاوی بە خێزانەکەی نەکەوتووەتەوە و پێیان گوتووە، ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەن سوپای عێراقەوە گیراون و بێسەروشوێن کراون.
عاسی مستەفا ئەحمەد بە ناوی سەربازێک کە لەپێناو عێراق و سەدامدا جەنگاوە و هەشت ساڵ دیل بووە، لە ڕێکەوتی 4/10/1990 لە نامەیەکدا ناوی ئەندامانی خێزانەکەی بۆ سەدام حسێن، سەرکۆماری ئەوکاتی عێراق دەنووسێت و داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسیان دەکات.
دوای سێ هەفتە لە ڕێکەوتی 26/10/1990 سەرۆکایەتیی دیوانی کۆماری عێراق لە نامەیەکدا وەڵامی دەداتەوە کە:
''بەڕێز عاسی مستەفا ئەحمەد، ژنەکەت و مناڵەکانت لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا لەناو براون، کە لە ساڵی 1988 لە ناوچەی باکوور جێبەجێ کرا''.ئەندامانی خێزانەکەی عاسی مستەفا ئەحمەد کە ئەنفال کراون، بریتی بوون لە:
- عەزیمە عەلی ئەحمەد، لەدایكبووی 1955 (هاوسەری).
- چرۆ عاسی، لەدایکبووی 1971 (کچی).
- فەرەیدوون عاسی، لەدایکبووی 1981 (کوڕی).
- ڕووخۆش عاسی، لەدایکبووی 1982 (کوڕی).
@dastnoosxane@kelaterzankon@irajmoradi