بەختیار عەلی


Kanal geosi va tili: ko‘rsatilmagan, ko‘rsatilmagan
Toifa: ko‘rsatilmagan


۲ + ۲ =۱
خۆشەویستی تا ئەبەد بەرهەمی ئالودە بوونی دوو ڕۆحە نەک دوو جەستە...!

Связанные каналы

Kanal geosi va tili
ko‘rsatilmagan, ko‘rsatilmagan
Toifa
ko‘rsatilmagan
Statistika
Postlar filtri


🆔 @bextiyar_eli

هەندێک چیرۆک زەنجیرەیان نییە، پاش و پێشی ڕووداوەکان بە پێی پاش و پێشیان لەسەر ڕۆژژمێر دیاری ناکرێت. زۆرجار هۆکاری ئەو شتانەی دوێنێ ڕوویانداوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی چەند ساڵێکی دی ڕوودەدەن، وەک ترسی جارانی من لە بورج کە هۆکەی دەگەڕایەوە بۆ دیلێتی ئێستای من لەوێ، وەک پیاوێک کە ئەمڕۆ لە ترسی خیانەت ژنەکەی بریندار دەکات، کەچی ئەو خیانەتەی ئەو لێی دەترسێت دوای دە ساڵی دیکە ڕوودەدات.

📚 #کەشتیی_فریشتەکان_بەرگی_سێهەم_لە_زمانی_وەفای_ڕەفعەت_بەگ

📖 لاپەڕە ۳۳۱

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

زیرەکی و هێزی پیاو نە لە شەڕدا، نە لە بازاڕدا، نە لە سیاسەتدا تاقی نابێتەوە، تەنیا لەگەڵ ژندا تاقیدەبێتەوە، لەگەڵ ژندا گەمژە بوویت، تەواو گەمژەیت، هەتا گەر بلیمەتترین و دەوڵەمەندترین و دەسەڵاتدارترین پیاوی دونیاش بیت.

📚 #کەشتیی_فریشتەکان_بەرگی_سێهەم_لە_زمانی_نزار_ئیدریس

📖 لاپەڕە ۳۲۹

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


Video oldindan ko‘rish uchun mavjud emas
Telegram'da ko‘rish
🆔 @bextiyar_eli

دوا وتەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس لەسەر بەختیار عەلی

بە قەولی عەجەمەکان " قدر گل را بلبل سرگشتە داند، قدر برادر را برادر مردە داند"

ئەمنیش بە نۆبەی خۆم حازرم کۆمەڵێک ژیانی خۆم ببەخشم بۆ ئەوەی زیاتر بژیت بۆمان پیاوە گەورەکە

🆔 @bextiyar_eli


Hazhar dan repost
🆔 @bextiyar_eli

🌹 #لەدایك_بوونت_موبارەك

هێندەی كەشتییەكانت، هێندەی خەون و خەیاڵەكانت، هێندەی دەریاكان و وشەكانت، هەست بەگەورەیت ئەكەم و لێرەوە دەڵێم: لە دایك بوونت موبارەك.
تۆ یەك دەشتی لە وشە، گردێكی گەورەیت لە بیركردنەوە، هەركەسێك بیەوێت ئایندەی رۆشنبیری ئەم مەملەكەتەی لێوە دیاربێت، دەبێت بێتە سەرگردەی تۆ سەیری ئایندە بكات، هێندەی ئەو گرد و دەشتی وشەیە، لە دایك بوونت موبارەك.
ئەمرۆ رۆژی لە دایكبوونی تۆیە، رۆژێكی گرنگە بۆ من، بۆ منی خوێنەر، تۆ تەنها كەسی تا ئێستا توانیبێتم پێت بڵێم: دڵخۆشم بە لەدایكبوونت و دڵخۆشم لەم رۆژەدا پێتدەڵێم، تۆ هەربمێنی.
هێندەی ئەوانەی لەدورەوە تیرت تێدەگرن، هێندەی هەموو ئەوانەی لەنزیكەوە خەنجەرت لێدەدەت، هێندەی ئەوانەی بیمارن پێتەوە و، ناگەن بە خەیاڵێكت، پیرۆزبایی لە دایكبوونت ئەكەم.
زۆر كەس هەن بیانخەرە لایەكی تەرازوێك و لاكەی تریش وشەكانی تۆی بخەسەر، ئەو لایەی وشەكانی تۆی لەسەرە، لەو كەسە قورسترە، كەچی تانە لەتۆ دەدات، هێندەی ئەو لا تەرازوە قورسەی وشەكانی تۆی لەسەرە، پیرۆزبایی یادی لەدایكبوونت ئەكەم.
بە فراوانی دارستانەكانت، بەقەت كێڵگەی عەشق و كتێبی پیاو كوژەكانت، بە ئەندازی دێر بە دێری جەلادەكان، بە فراوانی گوناه و كەرنەڤاڵ، بەگەورەی برینی نیشتیمانەكەت، زیاتر لە بۆهیمی و ئەستێرەكانت، پیرۆزبایت لێدەكەم.
بە سەختی مەرگی تاقانەی دووهەم، بە خەمگینی ئێوارەی پەروانە، بە خوێنی دواهەمین هەناری دونیا، بە گەورەی كەشتی فریشیتەكان، بە فرینەكەی مامە جەمشید، تا ئەو پەری قیامەت، تا لای خوێنی فریشتە، هێندەی ئازاری باخەكانی خەیاڵ، پیرۆزبایت لێدەكەم.
ئەی پیاو... ئەی ورد وەك ئاوڕەكەی ئۆرفیۆس، قورس بە وێنەی سێوی سێهەم، ئازاراوی چەشنی برینی فاشیەت، تەر وەك هەورەكانی دانیاڵ، ئارام وەك بەندەری دۆست، لە بیرنەكراو بەشێوەی نەرسیسی كوژراو، بەهێز وەك ئیمان و جەنگاوەرانی، تۆ بەم هەموو رەنگانەوە دەناسرێیتەوە و تۆ ئەو پیاوەی هەزاران رەنگت تێدایەو ئەوەی بیەوێت تۆ بناسێت، دەبێت هەموو رەنگەكان بناسێت.
بەقەت هەموو ئەو رەنگانە پیرۆزبابیت لێدەكەم.
بەس نییە هێشتا لەم سەردەمەدا، لەم رۆژگارەدا كەسێك هەیە، دەتوانین لە رۆژی لە دایك بوونیدا، بەشكۆوە بڵێین: پیرۆزە و تۆ هەر بمێنی بۆ ئاوەدانی كتێب و بیركردنەوە و خەیاڵ.

#نەبەز_گۆران

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

ئەمڕۆ ٨ / ٨ ڕۆژی لەدایکبوونی گەورەترین نوسەر و ڕووناكبیری كوردە، ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایكبوونی ئەستێرەیەكی گەشاوەی ناو میللـەتێكە،
پیاوی جوانییەكان، پادشای ئەفسانەكان...

دۆستۆفسكی هەتا لە ژیاندا بوو، هەر دەربەدەر بوو، ژیانێكی پڕ لە مەینەتی و حەسرەتی بەسەر دەبرد، كاتێك كە مرد ئینجا ڕوسیا دۆستۆفسكییان كرد بە پادشا و ڕەمزی ڕزگاری و فریادڕەس، زۆرێك لە نووسەرانی دیكەش هەر بەم چەشنە بوون. بۆ نموونە كامۆ، كافكا، نیتچە، هتد.. بۆئەوەی ئەم تراژیدیایە دووبارە نەبێتەوە بەسەر ”بەختیار عەلی” دا، با بەر لە مەرگ قەدر و شكۆو مەزنی بگرین. با ئێمە پێچەوانەی میللەتانی دیكە بین بەر لە مردن گوڵی پێشكەش بكەین، ئاخر گوڵ لە دوای مردن سوودی چیە!
گەر ڕوسیا شانازی بە دۆستۆفسكییەوە بكات ئەڵمان بە نیتچەوە و فەرەنسا بە كامۆوە، بەدڵنیاییەوە ئێمە دەبێت فەخرو شانازی بە ”بەختیار عەلی” ەوە بكەین، ئاخر سەد ساڵ جارێك كەسێكی وەك بەختیار عەلی هەڵدەكەوێ .
بوونی تۆ گەورەترین دیارییەكە لەلایەن خوداوە پێشكەش بە كورد و هەموو جیهان كراوە.
گەوهەرە نایابەكەی كورد جوانترین پیاوی سەر زەمین... وشە لە ئاست تۆدا شەرمەزارە هیچ نوسینێك ناتوانێت وەسفی مەزنیت بكات.
دووبارە پیرۆزە هەمیشە مۆمی تەمەنت هەر گەش بێت سپاس بۆ هەبوونت، هەر بمێنی بۆمان بەختیاری من و بەختیاری هەموو دونیا ...

#بارین

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

مرۆڤێکی لاواز کە توانای شەڕی ڕاستەقینەی نییە. عەزیزم جەنابی عەقید، شەڕ شتێک نییە مرۆڤ خۆی لێ لابدات. گەر دوای فریشتەکەمان بکەوین، دەبێت واز لە خەیاڵی شەڕ بهێنین، بۆ نموونە کە عەرەبەکان هاتن پاشەڵمان بکەینەوەو بڵێین فەرموو عەزیزم، بمکوژە، بەڵام من لە تۆ پاکترم، بمکوژە بەڵام من پلەیەک لە تۆ بەرزترم... هاهاها... من لەوانە نیم... من وەک تۆم... دەمەوێت دڕندە بم و بمێنمەوە، دەمەوێت نزم بم و سەر بەو جنسە بم کە نغرۆنابێت و لەناو ناچێت. ئەوە گرنگە. گەر مرۆڤ گوێ لە فریشتەکەی خۆی بگرێت دەبێت بڕوات و ئەو ڕاستییە لە بیر خۆی بەرێتەوە کە لە ناو دارستانێکی پڕ جانەوەردا دەژی. بەڵام من لەزەتی لێ دەبینم کە لە دارستانێکی وادا دەژیم، چ لەزەتێکی تێدایە ببم بە شتێکی باڵاتر لە ئینسان... چ لەزەتێک؟ بۆ نموونە چاودێری کردن، زیندان، دان بەسەر ماڵاندا، لێپرسینەوە لە تاوانباران، پشکنینی دەروونی خەڵک... شوێنێک زیندانی لێ نەبێت من ناتوانم لێی بژیم، دائیرەی ئاسایشی لێ نەبێت ناتوانم لێی بژیم، ئەوەم بەڕاستە. لەوێ ڕەنگە خودا خۆی هەموو ئەو کارانە بکات، بەڵام لێرە ئێمەین کە بەو کارانە هەڵدەستین، لەبەرئەوە ڕاستت دەوێت، بەهەشتی ئێمە ئێرەیە و جێگایەکی تر نییە.

📚 #کەشتیی_فریشتەکان_بەرگی_سێهەم_لە_زمانی_کارمەندە_زیرەکەکەی_وەفای_ڕەفعەت_بەگ

📖 لاپەڕە ۳۱۱

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

📜 #لە_کەشتی_عەقڵدا_بەرەو_شێتی

بە باڵی حیکمەت بەرەو ماڵی دێوانەکان دەفڕین... بێمە واین
بە باڵی وەفا ڕوەو کوچەی جەفا دەفڕین... ئێمە واین
سوار بەلەمێکی ڕەش دەبین و دەڵێین با بڕۆین بۆ دورگەی سپی
سوار کەشتی خوێن دەبین و دەڵێین تۆ لە کوێی ئەی ئاسودەگی

گوێ بە شەپۆلی هۆش هەڵدەخەین...
ئێمە واین...
دەچینە بەر لافاوی شەڕ...
ئێمە واین...
ملوانکەی هوشیاری دەکەینە مل...
ئیمە واین...
ئاگر لە زانین بەردەدەین...
ئێمە واین...
دەچینە سەر جۆلانێی گەنجی...
ئێمە واین...
دەبین بە دەرگاوانی پیری...
ئێمە واین...
فوو لە شمشاڵی هزر دەکەین...
ئێمە واین...
دەست لە نەزاکەت بەردەدەین...
ئێمە واین...
دەڕۆینە بەر قاپیی خودایان...
ئێمە واین...
تڤدەکەین لە جوانی بەهاران...
ئێمە واین...
دەیژەنین کاماڵی عەقڵ...
ئێمە واین...
دەبین بە خزمەتکاری دڵ...
ئێمە واین...
تێکیدەدەین کونجی دەروێشانی زانا...
ئێمە واین...
تێکەڵدەبین بە ڕستەی گوڵرەنگی دانا...
ئێمە واین...
دەڕۆین بۆ هەراجی شەرەف...
ئێمە واین...
دەیشکێنین بللـوری سافی حەیا...
ئێمە واین...

بە باڵی جوانی ڕوەو ماڵی دزێوان دەفڕین...
ئێمە واین...
بە باڵی ویقار ڕوەو کوچەی قەلەندەران دەفڕین...
ئێمە واین...
سوار بایەکی ڕەش دەبین و دەڵێین بابڕۆین بۆ بەهەشتی سپی
سوار باڵی ئاشووب دەبین و دەڵێین تۆ لە کوێی ئەی ئاسوودەگی.

📚 #تا_ماتەمی_گوڵ_تا_خوێنی_فریشتە

📖 لاپەڕە ۳٥۰

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

📜 #لە_كەشتیی_عەقڵدا_بەرەو_شێتی

✍ : بەختیار عەلی
🎙 : عەدنان كەریم
🎼 : فەرھاد حەمە ساڵح

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

📜 #با_یار_لەماڵ_دەرکەین

با یار لەماڵ دەرکەین، دەریکەین وەک دەرکردنی گورگێک لە دارستان.
با وەک سەگێکی پیر بیدەینە بەر گولـلە،
وەک گزگلێکی چکۆلە بیخەینە خوار،
با چڵکی ئەمڕۆمان بە کراسەکانی بسڕین،
خوێنی خۆمان بسووین لە دامێنی،
درۆ بۆ شەرەفی رێکخەین،
هیجا لە حەیای بخوێنین...
با ماڵی بکەینە تەویلە،
یادی پڕکەین لە زبڵی زبڵستان،
شەوی پڕکەین لە دڕکی لە چەقۆ بەدتر،
نوێژی پڕکەین لە کوفری کوفرستان.
با دەریکەین،
دەستنوێژی بە ئەتک بشکێنین،
لە بەر چاوی دونیا نیقابی پێلادەین...
عەورەتی لە بەر ئەم ئاگرە ڕووتکەین...
لە بەر چاوی خودا بیدەینە دەست فاسیق...
لە بەر چاوی خودا شەیتانی لێجووتکەین.
با یار لە ماڵ دەرکەین.
دەریکەین وەک دەرکردنی پشیلە لە حەوشی ماڵ.
دەریکەین و بیبەین و بڵێین بخنکێ ئەی خراپترین یار،
بڵێین با کرمەڕێزبێت ئەم گۆشتە بە سەرمای زەمهەریری ئەمساڵ،
بیخەینە سەر ئاگر ئەم دەستە،
بیکەینە پیاڵەوە ئەم خوێنە،
فڕێی دەینە سەر شۆستە وەک دز،
وەک چرووک،
وەک قەحبەی ڕووت و ڕەجاڵ.

با یار لە ماڵ دەرکەین...

با ماڵ لە یار دەرکەین
دەریکەین لە ئاورنگی بەیانی،
نەهێڵین تێکەڵ بە تکەی شەونم بێت،
دەریکەین لە ماڵی پەڕەی گوڵ،
نەهێڵین تێکەڵ بە تامی مردن بێت...
نەهێڵین لێو بدات لە لێوی مانگەشەو،
دەریکەین لە سوعبەت و هەزەل،
دەریکەین لە دەفتەری ژیان،
دەریکەین لە ڕەشنووسی غەزەل.
دەریکەین لە بالیفی سپی،
دەریکەین لە بەهەشت و باران،
دەریکەین لە سێبەری کەپر،
دەریکەین لە شنەبای خەرمان،
تفی لێکەین بە ئەندازەی تفی دەریا لە ئاسمان،
حاشای لێکەین وەکوو حاشای بەهار لە زستان.
دەریکەین...
مەحروومیکەین لە هەتوان و دەوا،
لە بۆنی خاک،
لە ڕەنگی ئاو،
لە پاکێتی هەوا.
دەریکەین لە غاری ئەسپە شێ،
دەریکەین لە خوێنی عاشقانی دێ،
دەریکەین لە خەندەی گیا،
لە بزەی سووری گێلاس،
لە پێکەنینی هەرمێ.
دەریکەین لە قافیەو سەروا،
دەریکەین لە مۆسیقاو نەوا.
دەریکەین لە سەوزایی بەهارانێک کە دادێ،
دەریکەین لە لەنجەولاری زەمانێ کە وادێ.

با یار لە ماڵ دەرکەین،
دەرگا بە دەرگا و ماڵ بە ماڵ با یار لە ماڵ دەرکەین،
بێ‌یار...
با ماڵ پڕکەین لە مەحەبەت و عەشق و ئەڤینی خەیاڵی ئەو.
بێ‌یار...
ژیان پڕکەین لە بوغرد و گوڵاو و میسکی بەهاری ئەو،
دەریکەین و بە تارماییەکانی بڵێین فەرموون بۆ جینانی دڵ،
دەریکەین و بە سێبەری بێژین وا بەخێر، بۆ ڕەوەزی عاشقانی دڵ.

📚 #تا_ماتەمی_گوڵ_تا_خوێنی_فریشتە

📖 لاپەڕە ۳٤٦ - ۳٤٥

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli




Video oldindan ko‘rish uchun mavjud emas
Telegram'da ko‘rish
🆔 @bextiyar_eli

دالیا بەلاتەوە سەیر نەبێت، تا سەر گۆرانی پەپوولەی ئازادی مەزهەری خالقی من باوەڕم بە گۆرانی کوردی نەبوو.

📚 #شاری_مۆسیقارە_سپییەکان_لە_زمانی_موسای_بابەک

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

📜 #زەوی_منی_دۆزییەوە

وەک ئەو تیشکە وێڵانەی ڕووناکی لەدوورەوە بانگیان دەکات
وەک یەکێک گوێی لە مۆسیقای با بێت کاتێک بۆ دەنگی خۆی دەگەڕێت
وەک پاچێک هەست بە ئازاری خاک بکات...
زەوی منی دۆزییەوە
کە بە قووڵایی خۆیدا سەفەری کرد،
کە بە تیشکی خۆیدا گەڕا،
کاتێ لە زستانی خۆی پرسی و لە گەرمای گاشەبەردی خۆی ڕاما.
کە لە سێوی ناو سەبەتەکانی باغی پرسی،
کە بەدوای ئاوێنەی خۆیدا سەیری ئەستێرەی دووری کرد...
کە تامی ترێی کرد...
کە لەسەر خوانی خۆی دانیشت و لە دەنکی هەناری خوارد...
کە خوێی ئەم کەنارانەی بێژایەوە،
کە شەکری ئەم میوانەی پاڵاوت،
کە یاریکرد...
کە بەختی خۆی لەبەر مانگەشەو گرتەوە...
کە پشکۆی لە دۆزەخ دزی و گوڵی لە بەهەشت بردەوە...
کە لە باغی کەستانەکاندا چرای داگیرسان،
کە لە شارە کۆنەکاندا بۆ منداڵی خۆی گەڕا،
کە لەگەڵ پڵنگەکاندا بۆنی جەنگەڵی کرد،
کە وەک ماسی ترساو،
لەبەر تاڤگەکاندا بەرەو دواوە بازیدا...
کە بەدوای گیایەکدا گەڕا یەکێ بە عەشق ئاوی دابێت.
ئینجانەیەک یەکێک لەترسی مردن لێرەدا خستبێتییە بەر ڕووناکی...
کە بەدوای ئاگرێکدا گەڕا ژیان لە خۆڵەمێشیدا مابێت...
کە سەیری برینی ئەو بریندارانەی کرد کە وەک گۆمی دوور پڕن لە تیشک،
کە یادی کەوتەوە پێویستی بە باغەوانێکە ڕووناکی بۆ ئاو بدات...
زەوی منی دۆزییەوە.
نەیویست من بدۆزێتەوە.
گووتی: تۆ ئەوە نیت،
کە من بۆی دەگەڕێم بەڵام لە من زیاتر کەس لێرە نەبوو
تۆ لێرە نەبوویت ئەی دۆست،
تۆ لێرە نەبوویت،
تا تۆ بدۆزێتەوە...
من لێرە بووم ئەی دۆست...
من بە تەنها لێرە بووم...
ئیدی زەوی هات و منی دۆزییەوە.

📚 #ئەی_ئەندەری_دۆست_ئەی_کەشتی_دوژمن

📖 لاپەڕە ۱۱۰ - ۱۰۹

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

📸 #وێنە_نووسراوە

ئەی یار...
زویر مەبە...
بەهەشتی عاشقان شێتخانەیە
زویر مەبە...
سەیرکە من و تۆ چ ئیمپراتۆرێکین
ئەوەی "با" لە خەزنەکانی جەنگەڵدا جێیدەهێڵێت
پاسەوانە مەستەکانی گیا و شەونم دەیبەخشنە من و تۆ
ئەوەی لە باڵندەکان جێدەمێنێت دوای مردن لە زەمهەریردا
"با" دەیبەخشێتە من و تۆ...

📚 بەشێک لە قەسیدەی عەشق

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

📜 #چاوپێکەوتن_لەگەڵ_حەمەی_کاکە_ڕەش

بەشی حەوتەم

پرسیار: ئایا شیعر خەیاڵمان دەتەقێنێتەوە، یان شیعر بوونەوەرێکی چێژ بەخشە، ئامرازی چێژ بەخشینە، یان لە شیعردا دەبێت بۆچی بگەڕێین؟ بۆ دەنگ و ڕەنگی دیوی خۆمان و شتەکان بگەڕێین یان شیعر خۆی گەڕانێکە بۆ ئەوەی خۆمان بیربچێتەوە؟

وەڵام: من باوەڕم بە چێژی شیعر هەیە، بەڵام بەرابەر بە بەکارهێنانی وشەکە لە دونیای ئێمەدا کەمێک دوودڵم، لەبەرئەوەی ڕیشەکانی ئەم وشەیە دەمانگێڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک پێناسەی کلاسیکی بۆ شیعر. وەزیفەی شیعر شتێک نییە یەکجار دیاری بکەین و لێیببینەوە... وەزیفەی شیعر شتێکە بەردەوام و لەگەڵ هەموو شیعرێکدا سەرلەنوێ دەیدۆزینەوە. شیعر هەم گەڕانە بۆ دیوە نەبینراوەکەی خۆمان، هەم هەوڵێکی گەورەیە بۆ ئەوەی ئێستا نەمانخنکێنێت. بەڵام شیعر لە هەموو حاڵەتەکاندا تەعبیرێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ تێپەڕاندنی خود، بۆ ناڕازیبوون لە دونیا، بۆ دەرچوون لە ئێستا. ئەو چێژەی شیعر دەیبەخشێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی دەگۆڕێت... گەورەترین چێژ لە شیعر شاعیر دەیبینێت، چێژ وەرگرتنی خوێنەر لە شیعر هەرگیز ناگاتە چێژ وەرگرتنی شاعیر. چێژی شاعیر لەوەدا نییە کە خالیقە، بەڵکو لەوەدایە کە بینەری یەکەمە، ئەو جیهانەی کە شیعر دروستیدەکات یەکەمجار لە بەرچاوی شاعیر بەرزدەبێتەوە و لەبەرچاوی ئەو دروست دەبێت. من جیاوازی نێوان شاعیر و خوێنەری شیعر، وەک جیاوازی نێوان ئەو ئەسترۆناودە دەبینم کە خۆی لەسەر مانگ دەنیشێتەوە و لەگەڵ یەکێکدا کە لە تەلەفزیۆندا سەیری نیشتنەوەی یەکێک لەسەر مانگ دەکات. شاعیر ئەو کەسەیە کە خۆی لەسەر مانگ دەنیشێتەوە... هەموو وشەیەک، هەموو بڕگەیەک، تامی هەموو حەرفێک لای شاعیر قورسایی و ڕەنگێکی تری هەیە کە خوێنەری شیعر نایگاتێت. خوێنەر هەرگیز ناتوانێت بەرزبێتەوە بۆ ئەوەی تامی ئەو ساتە بکات کە وشەکان و دێڕەکان لە نەسقێکی تایبەتدا لەدایک دەبن... گەر ئەو سیحرە نەبێت نووسینی شیعر زۆر زەحمەتە. شیعر تەواو ئەو قەناعەتەمان تێدا دروست دەکات کە ئێمەی شاعیران چەشنێکی ترین لە مرۆڤ، وە ئەو بەڵگەیەمان دەداتێ کە ئێمە چەشنێکی ترین لە مرۆڤ، وە بە کۆمەکی شیعر دەتوانین بیسەلمێنین کە ئێمە چەشنێکی دیکەین لە مرۆڤ، ئەوەش کەم نییە...

درێژەی هەیە...

📚 #وەک_باڵندەی_ناو_جەنگەڵە_ترسناکەکان_پڕۆژەی_کۆبەرهەمە_تیورییەکان_بەرگی_سێهەم

📖 لاپەڕە ۱۱۳ - ۱۱۲

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

📜 #کێشەی_زۆرینە_و_کەمینە

لەنێوان دیموکراسییەت و فاشییەتدا[۱]

بەشی یەکەم

کە دەستووری کاتی عێراق دانرا، یەکێک لەو خاڵانەی گروپی کوردی پێی لەسەر داگرت ئەوەبوو دیموکراسییەت لە عێراقدا نەبێتە چەکێک بەدەست زۆرینەوە. لە ڕاستیدا دیموکراسییەت سیستمی ڕێکخستن و زامنکردنی مافی هەموو کەمایەتییەکانە. بەڵام ئەم خاڵە کە پارتە کوردییەکان لە ئەنجومەنی حوکم پێیان لەسەر داگرت نیشانەیەکی ئەو ئیزدواجییەتە قووڵەیە کە هەر یەک لە دوو هێزە سیاسییە سەرەکییەکەی کوردستان تیادەژین. نیشانەیەکی دیکەی ئەو تەفسیرە خۆویستانەیە کە بەپێی کات و شوێن بۆ دیموکراسییەت دەکرێت. تەفسیرێک پابەندی ماهییەتی دیموکراسییەت نییە، هێندەی پابەندی ئەوەیە کە چ جۆرە مەزاجێکی حیزبی لە پشت ئەو پێناسەیەوە هەیە.
شتێکی مەزنە حیزبەکانی ئێمە قەناعەتیان وابێت دیموکراسییەت حوکمی زۆرینە نییە و کەمایەتی دەبێت زامنی تەواوی لە دەستوردا هەبێت، بەڵام ئەم قەناعەتە دەبێتە کۆمیدیا کاتێک مێژووی دوازدە ساڵی حوکمی سیاسی لە کوردستان تەواو پێچەوانەی ئەو قەناعەتەمان بۆ ئاشکرادەکات. لە هەڵبژاردنی کوردستاندا وەک دەگووترێت پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێژەی لە سەدا یەک دەنگی لە یەکێتی نیشتیمانی زیاتر هێنا، ئەم ڕێژە بچووکە مافی زۆرینە نادات بە هیچ حیزبێک، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دوازدە ساڵە ئازارەکانی دەچێژین. ئێمە لە کوردستان دوازدە ساڵە ئازاری ئەو تێگەیشتنە دەچێژین کە دەڵێت "دیموکراسییەت حوکمی زۆرینەیە هەتا ئەگەر بە ڕێژەی لەسەدا یەکیش بێت". دوازدە ساڵە ئەو ڕێژەی لەسەدا یەکە ژیانی سیاسی و پەرلەمانی و ئیداریی کوردستانی ئیفلیجکردوە، گەر نەڵێین ژیانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەردیشی بە قەیرانی قووڵ گەیاندووە. هەڵبەت گەر لە پێناسەی سیاسی ئێمەدا دیموکراسییەت حوکمی زۆرینە نەبایە، شەڕی لەسەدا یەک وەک شەڕی ئەفیونی لێ نەدەهات، تا دوازدەساڵ کۆمەڵگای ئێمە لە ناوەوە کاولبکات.

[۱] نووسینی ئەم وتارە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دانانی دەستوری کاتی عێراق، بەڵام پێموایە ناوەڕۆکی گشتی وتارەکە لەگەڵ پەرەسەندنەکانی دواتریشدا دەگونجێت، لەبەرئەوە لێرەدا بێ هیچ دەستکارییەک بڵاومکردەوە.

درێژەی هەیە...

📚 #ڕەخنە_لە_عەقڵی_فاشیستی

📖 لاپەڕە ۳۲٦ - ۳۲٥

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

غەریزە شتێکە تێردەکرێت، دەزانێ چی دەوێت، بەڵام عەقڵ تێرناکرێت و نازانین چی دەوێت. گەڕانەوە بۆ حەیوان زیاتر جنسی بەشەر لە فەوتان دەپارێزێت تا ئەوەی ببین بە فریشتە یان بە مەخلوقاتی زۆر ئارام و باش یاخود زۆر زیرەک و شەڕانی. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەو هێزەی ناخمان داوایدەکات شتێکە لە توانای مرۆڤدا نییە. مرۆڤ ناتوانێت بچێتە پێشێ گەر دڕندە نەبێت... پێشکەوتن لە توانای مەخلوقاتی دڕندەدایە. من وای بە باش دەزانم مرۆڤ تا دەتوانێت درێژە بە یارییەکەی خۆی بدات، وا خۆی دەربخات کە بۆ بەهەشت دەگەڕێت، وا قسەبکات وەک ئەوەی هەوڵدەدات بگاتە مەقامی فریشتەکان... ڕەنگە ئەم درۆیە پێویست بێت، بەڵام لە ناخدا پێویستە ئەو مەخلوقە بین کە دەتوانێت درێژترین کات بژی و بمێنێتەوە. گەر ئینسان تەنیا لە ڕووی ڕۆحییەوە گەشە بکات، دەبێت بە مەخلوقێکی لاواز، نە بەرگەی خۆی دەگرێت و نە بەرگەی سروشت. هەستدەکەم لەم دوو هەزار ساڵەی دواییدا ئینسان یارییەکی ترسناکی بەرامبەر خودا کردوە؛ بەردەوام خۆی وادەردەخات کە گوایە بۆ بەهەشت دەگەڕێت، بەڵام لە ڕاستیدا تاکە شتێک کە بۆی ناگەڕێت بەهەشتە. بەردەوام خۆی وا دەردەخات کە دەیەوێت بگاتە پلەوپایەی فریشتە، بەڵام ئەوەی کە نامانەوێت بیدۆزینەوە ئەو فریشتەیەی ناو خۆمانە. من گەر فریشتەکەی خۆشم بدۆزمەوە دەتوانم چی بۆ بکەم؟ واز لە دەوامی ئاسایش بهێنم؟ ها؟ چی بۆ بکەم؟ گەر وازم هێنا چیتر هەیە بیکەم؟ من بۆ خۆم، وەک کارمەندێکی ئێوە بڕیارمداوە بۆ فریشتەکەم نەگەڕێم. من نازانم چۆن ببم بە شتێکی بەرزتر لە ئینسان، گەر بمەوێت شتێکی وام لێ دەردەچێت، دەکەومە ناو توخم و تایفەیەکی لاوازەوە. دیارە یەکێک قوت دەبێتەوە و دەڵێت، تۆ لەگەڵ فریشتەکەتدا مرۆڤێکی نوێت لێ دەردەچێت. بەڵێ دروستە، بەڵام مرۆڤێکی نوێ کە ناتوانێت بەرگەی ژیانی ئەم شارە بگرێت، بەرگەی ئەو شەڕانە بگرێت کە بەڕێوەن...

📚 #کەشتیی_فریشتەکان_بەرگی_سێهەم_لە_زمانی_کارمەندە_زیرەکەکەی_وەفای_ڕەفعەت_بەگ

📖 لاپەڕە ۳۱۰

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


#ئەنفال_و_سەرچاوە_نهێنییەکانی_لەسیاسەتی_بەعسدا

لە ۱۰ بەشدا دەتوانن بەم هەشتەگە بخوێننەوە


🆔 @bextiyar_eli

بۆ تێگەیشتن لە ئەنفال، تەنیا یەک ڕێگامان لەپێشدەمدایە، ئەویش ڕێگای تێگەیشتنە لە "بەعس". بەبێ ناسینی بەعس ناتوانین ئەنفال بەکۆی دیاردەمێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەرونییەکانی دیکەوە گرێبدەینەوە. ئەنفال هەر سەرچاوەیەکی هەبێت، هەر ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی یان ئایدۆلۆژیی هەبێت، پێشتر ئەو هۆکارانە بەهەناوی بەعسیزمدا ڕابوردوون و لەنێوەندی ئەو هەناوەدا شێوەیەکی نوێ و مۆرکێکی تازەیان وەرگرتووە و بوونەتە بەشێک لە کولتووری بەعس. بۆیە گەر بشمانەوێت لەسەرچاوە دوور و دێرینەکانی ئەنفال تێبگەین، پێشوەخت دەبێت لەکارکردنی بەعس و شێوەی مامەڵەکردنی بەعس لەگەڵ ئەو سەرچاوانەدا تێبگەین، چونکە بەعسیزم دیاردەیەکە، سروشت و مۆرکی هەموو ئەو دیاردانەی تر دەگۆڕێت کە بەنێویدا گوزەردەکەن.

📚 #چێژی_مەرگدۆستی_کۆی_بەرهەمە_تیورییەکان_بەرگی_یەکەم

📖 لاپەڕە ۷

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli


🔶 سێهەمین ساڵی دامەزراندنی کەناڵی بەختیار عەلی

🖋 گرنگ نییە مرۆڤ دەگاتە کوێ، گرنگ ئەوەیە چ ڕێگایەک دەگرێتە بەر. ژیان جگە لەوەی تاقیکردنەوەی ڕێگاکانە هیچی تر نییە. مرۆڤەکان، فریشتەکان، جگە لەوەی مەخلوقاتن بۆ ڕێگا دەگەڕێن هیچی تر نین، گەر مرۆڤین، گەر فریشتەین، گەر مەخلوقاتی باڵاترین، ئەو کاتە دەمرین کە چیتر بۆ ڕێگا ناگەڕێین...

کەناڵی تێلێگرامی بەختیار عەلی له رێکەوتی ۲۳ی خاکەلێوەی ۲۷۱٦ی کوردی - ۱۳۹٥ ی هەتاوی بە مەبەستی ناساندنی زیاتری ڕۆمان، شێعر و تیورییە فیکرییەکانی کاک بەختیار رێکخرا و ئێستا سێ‌ساڵە بۆ ئەو مەبەستە لە تۆڕی مەجازی تێلگرام بەردەوامە.


سپاس و پێزانین لە هەموو ئەندامانی بەڕێزی کەناڵی بەختیار عەلی دەکەین کە هەر لەگەڵ دەست بەکار بوون و چالاکی کەناڵ لەگەڵمان بەردەوام ھاوڕێ مانەوە و بوونە ھۆی دڵگەرمی ئێمەش بۆ بەردەوام بوونمان و هەروەها زۆر سوپاسی ئەو بەڕێزانەش دەکەین کە تازە لە کاناڵ بەشدار بوون و هیوادارین دوولایەنە بەردەوام بین.


کاناڵی بەختیار عەلی بۆ ناساندنی هەرچی زیاتری کاک بەختیار بە خوێنەرانە و سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئەو ئازیزانە دەکەم کە لەم دوو ساڵەدا یارمەتی دەرمان بوون
" لیژنەی تاپوی نووسراوە" بە تایبەت برادەری بەڕێز و خۆشەویست کاک " مەحسینی مێهرجوو" کە تەبادوڵی کاناڵی بۆ ناساندنی ھەرچی زیاتر لە ئەستۆ گرتبوو.

کەناڵی بەختیار عەلی تاکە کەناڵی کاک بەختیارە کە توانیویەتی زۆرتر له سێ هەزار خوێنەر بەلای خۆیەوە ڕابکێشێت کە بۆ بەڕێوبەرانی ھۆی دڵگەرمییە و هیوادارین بتوانین لە ناساندنی کتێب و نووسراوەکانی زیاتر سەرکەوتوو بین و کەناڵێکی سوودمەند بێت بۆ ئەدەبیات و وێژەی کوردی و بەتایبەت عاشقانی قەڵەمی کاک بەختیار.

خۆشەویستی بەشداربووان وای لێکردین کە ماندوونەناسانە بۆ زیاتر ناساندنی کاک بەختیار بەردەوام و چالاک بین، هەر لێرەوە سپاستان دەکەین و بەڵێن دەدەین کەناڵێکی جیاوازتر لە جاران بین.

چاوەڕوانی ڕەخنە و پێشنیار و هاوکاری هاوڕێیانی بەڕێزی کاناڵین بۆ جوانتر بەڕێوەبردنی کاناڵ و پێشکەشکردنی بابەتی جوان و نوێ.

ڕەخنە و پێشنیارەکانتان بنێرن بۆ ئایدییەی خوارەوە

🆔 @hazhar_amini



🆔 @bextiyar_eli


🆔 @bextiyar_eli

بەڵێ وایە. بەڵام بوەستە، پەلەمەکە، ئا لێرەدا هەڵە هەرە گەورەکە وجودیش خۆی مەڵاسداوە. ئایا ئەمە هەڵەی کێیە؟ من نازانم. هەڵەی سروشتە یان هەڵەی هێزێکی لە سروشت گەورەتر؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نازانم، بەڵام هەر کەسێک ئەم فریشتەیەی خستبێتە دەروونمانەوە ناهەقییەکی گەورەی بەرامبەر کردوین. ئەوەی مرۆڤ وەک حەیوان لە جنسێکی تر موتربەکراوە زوڵمێکی سەختە، هەر هێزێک ئەوەی کردوە، هێزێکی بێڕەحم بووە، بەڵێ ئینسان لە موتربەکردنی حەیوان بە فریشتە دروستبووە. هەر چۆنێک بێت، لەوانەیە لە پێچێک لە پێچەکانی خەلیقەتدا حەیوانێکی کێوی توانیوێتی فریشتەیەک بگرێت و سواری بێت و ئینسان لەم ئیشە ناڕەوایە کەوتۆتەوە، لە نوتفەی حەیوان و لە هێلکەی فریشتە. جەنابی عەقید، من ڕێگاکە بەمجۆرە دەبینم، بەوەدا زۆربەمان ئەو هێزەمان لە خۆماندا بۆ نادۆزرێتەوە، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ لای نیوە حەیوانییەکەمان. بەڵێ گەر فریشتەکە نەدۆزینەوە مەحکومین بە گەڕانەوە بۆ دۆخی حەیوان، بەوەدا موتربەکردنی ئینسان لە فریشتە بێ سەرکەوتنێکی بەرچاو بەڕێوەچووە، ئێمە جگە لەوەی سۆزمان بۆ حەیوانەسروشتییەکەی ناخمان هەبێت، چارەی ترمان نییە. کێشە ئەوەیە ئینسان ناتوانێت ئا لەم شوێنەدا بمێنێتەوە کە تیا وەستاوە، ناتوانێت تاسەر لێرەدا و ەمجورەبوەستێت. مرۆڤ لە یاریکەرێکی مەستی ئەکرۆپات دەچێت کە لەسەر پەتێکی باریک دەجوڵێت، پەتەکە هەر درێژدەبێتەوە و درێژدەبێتەوە و کۆتایی نایەت، لەبەر ئەوە دواجار لە جێگایەکدا مەحکومە بە کەوتن... ئینسان یاریکەرێکی باشە، بەڵام خودا یارییەکەی وەها درێژکردۆتەوە کە هیچ یاریزانێک نییە لە ژێریدا نەپسێت. مرۆڤ ناتوانێت تا هەتاهەتایە ئەم هاوسەنگییە کوشندە و سەختە ڕابگرێت. تۆ پێم بڵێ تا چەند هەزار ساڵی تر ئەم یاریکەرە گێژەی سەر ئەو پەتە باریکە، هاوسەنگی خۆی ڕادەگرێت؟ ها؟ تا چەند هەزار ساڵی تر؟ نا... لە ئێستاوە سەرەتاکانی کۆتایی دیارن و من بە ڕۆشنی دەیبینم. ئینسان چارێکی نییە یان ئەوەیە دوای فریشتەکەی ناخی دەکەوێت و دەبێت بە شتێکی زیاتر و گەورەتر لەم مەخلوقەی کە ئێستا هەیە، یان دوای حەیوانەکەی ناخی دەکەوێت و دەبێتەوە ئاژەڵ و دەچێتەوە ڕیزی ئەو جنسانەی کە جەبری سروشت چارەنوسیان دیاریدەکات... من بۆ خۆم بڕیارمداوە دوای حەیوانەکە بکەوم، ڕاستتدەوێت جەنابی عەقید بێئەوەی بمەوێت زۆر لە قسە و باسی فەلسەفیدا قووڵ ببمەوە کە ماوەیەکی زۆر عومری خۆم بۆ تەرخانکردبوو، جەبری غەریزە لە جەبری عەقڵ باشترە.

درێژەی هەیە...

📚 #کەشتیی_فریشتەکان_بەرگی_سێهەم_لە_زمانی_کارمەندە_زیرەکەکەی_وەفای_ڕەفعەت_بەگ

📖 لاپەڕە ۳۱۰ - ۳۰۹

#بەختیار_عەلی

🆔 @bextiyar_eli

20 ta oxirgi post ko‘rsatilgan.

3 761

obunachilar
Kanal statistikasi