هەنگاوە ڪردەییەڪان بۆ پەروەردەڪردنی منداڵان
١۱ ـ فێركردنی ووشەی یەكخواپەرستی بە مناڵ
یەكەم ووشەیەك كە پێویستە لەسەر دایكان و باوكان بیخەنە سەر زمانی مناڵەكانیان و فێریان بكەن ووشەی یەكخواپەرستیە، كە پێویستە پێیان گۆبكەن و پێیان بڵێنەوە.
لە ئیبنوعەباسەوە ( خوا لێیان ڕازی بێ ) هاتووە ئەویش لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه ولم) كە فەرموویەتی: « افْتَحُوا عَلَى صِبْيَانِكُمْ أَوَّلَ كَلِمَةٍ بِلَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ، وَلَقِّنُوهُمْ عِنْدَ الْمَوْتِ لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ »(١).
واتە :"زمانی مناڵەكانتان بە یەكەم ووشەی( لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ ) بكەنەوە، و لەكاتی سەرەمەرگیشدا هەر ووشەی ( لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ ) یان پێ بڵێن ".
وە دایكی سولەیم ( خوا لێی ڕازی بێ ) بە ئەنەسی كوڕی ( خوا لێی ڕازی بێ ) ئەووتەوە و فێری ئەكرد كە بڵێت: (( لَا إِلَهَ إِلَّا اللهُ ، وە بڵێت: أَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً رَسُولُ الله ))(٢).
ئەوەش بزانە ئەمەی كاتێ پێ ئەووت كە هێشتا شیرەخۆرە بوو وە لەشیر نەیبڕانبووەوە.
وە پێویستە لە بەردەمیدا دووبارە بكرێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن دایكەوە كاتێك كە یاری لەگەڵدا ئەكات، جا كاتێك كە فێری بوو وە ڕاهات لەسەری و لێی تێ ئەگەیشت، ئەوا بابێت بەشێوەیەكی سادە و ئاسان بۆی ڕاڤە بكات بەجۆرێك كە لە واتاكەی تێ بگات.
وە فێربكرێت كە خوای گەورە تاك و تەنیایە و هیچ هاوەڵێكی نی یە، و هەر خۆی بەدیهێنەری هەموو شتێكە، و لەسەرو ئاسمانەكانەوەیە، و لەسەر تەختی بارەگای خۆی جێگیر بووە، و بەهەموو جۆرێك ئاگای لێمانە، و زۆر زانایە بە بارودۆخی ژیان و كاروبارمان، بیسەر و بینایە ( ئەبیستێت و ئەمان بینێت )، و بەسەر هەموو شتێكدا زاڵ و بەتوانیایە.
وە فێری پشت بەستن بەخوا ( واتە: تەوەكول بەخوا ) بكرێت، و تەنیا هەر خوای گەورە شیفا بەخشە و چارەسەری نەخۆشیەكانمان ئەكات، وە پێویستە لەسەرمان كەوا خۆشمان بووێت و بەجوانی بیپەرستین، هەروەها پێویستە فێری خۆشوویستن و گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بكرێت، و شتێك لە خو و ڕەوشت و سیفەتەكانی بۆ باس بكرێت، وەك ئەوەی كە مناڵی خۆش وویستووە و یاری لەگەڵدا كردوون، وە هەر شتێكی تری لەو بابەتە كە بیر و هۆشیان لێی تێ بگات.
وە زوو زوو ئەو پرسیارەیان لێ دووبارە بكاتەوە كە: (( كێ خوا و پەروەردگارتە، و كێ پێغەمبەرتە، و دینت چی یە؟ ))، وە پێی بڵێ كە: (( خوا لەكوێ یە؟ )) .
وە هەروەها خۆشەویستی هاوەڵان و پیاوچاكانیان فێر بكرێت و لە دڵیاندا بڕوێنرێت، وە سورەتە كورتەكانی ( الفاتحة و الإخلاص و الفلق و الناس ) یان پێ لەبەر بكرێت.
----------------------------------
(١) أخرجه البيهقي في "الجامع لشعب الإيمان" (١١/١٢٨) (٨٢٨٢) ، و ذكره السيوطي في " اللآلىء المصنوعة " (٢/٤١٦) ، وابن عراق في " تنزيه الشريعة " ( ٢/ ٣٦٤ ـ ٣٦٥ ) و نسباه للحاكم في " المستدرك ". بەڵام ئەم فەرموودەیە وەك پێشەوا ئەلبانی ( بەڕەحمەت بێ ) ئەفەرمووێ لاواز و باتڵە ( حديث باطل ) بڕوانە پەراوی ( سلسلة الأحاديث الضعيفة و الموضوعة ) رقم ( ٢٨٢١ ) وەرگێڕ.
(٢) " سير أعلام النبلاء " ( ٢/ ٣٠٥ ).
وەرگیراوە لەبەرنامەی ((پەروەردەکردنی مناڵان))