شڕۆڤەی شێعری کچی بەیان
شاعیر: سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٦)
شرۆڤەکار :شەماڵ ئیسماعیلپوور
من ئەڵێم:
پەپوولەیەک فڕی بە باڵی سەوز و سوورەوە
من ئەڵێم:
گوڵێ بە دەم شنەی شەماڵەوە بزەی بزووت
تۆ ئەڵێی:
چ بوو پەپوولەیەک فڕی
یانە سوورەگوڵ، زەردە کەوتە لێوی ناسکی
من ئەڵێم:
ھەتا ھەتایە دەوری جوانییە
ئەمڕۆ گەر ھەتاو کەسیرەیە نەماوە ئاگر و گڕی
مێرگی ئاسمان بە سووتمانی ھەوری لۆکەیی نەزۆک
پڕ لە خاڵ و قۆپەنە
جەنگەڵێ کە جێ ژوانی پۆلەپۆڕی باڕییە
جێگە مۆڵی کەمتیار و گورگ و ڕێوییە
شۆڕەبی کە بۆتەداری چاکی بێ نەشە و شنە
زەلکە گەر تەیاری تێر و قۆشەنە
خۆشەویستەکەم
لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە.
باسی شەو مەکە نە شایەری شەوم
باسی خەو مەکە لەلای ھومێدێکەوە فێرە سەر ڕەوم
بەو دەمەت کە بۆنی سەد بەھاری لێوە دێ
بۆنی دەشتی بەختیاری باوەشی چیای، بەدەستی با
بە گوڵ چناوی، لێوە دێ
بۆنی سەرسەکۆی بە کاگڵی، بە ئاوپژاوی، لێوە دێ
پێم مەڵی کە داکەوم
پێم مەڵێ کە ئاڵی زاڵی شەو، چاوی بێخەوی چڕە
پێم مەڵێ نەھاتنەوە ئەوەی کە چوون
مەگری بۆ خەساری بێ گەڕانەوە
ڕێگەمان دوور و سەخت و قاقڕە
خۆشەویستەکەم
ئێمە نوێنەری خەباتی ڕۆژھەڵات
ڕۆژھەڵاتی سووری ئاگرین
فێر نەبووین بەزین و دابەزین
ڕانەھاتووە
چاوی قارەمانی کورد
بە شەونمی گرین
خۆشەویستەکەم
لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە
@taqetiregahttps://t.me/NaghmeieParvaz