📝
کەوتنی ڕێژێمی ئەسەد: لە ناوەوە داڕمان، لە دەرەوە دەستێوەردان✍️ د. حیسام (هیوا) خاکپوور
لە کەمتر شیکارییەکدا میکانیزمی ناوەکیی ڕووخانی ڕێژێمی ئەسەد وەبەر باس و لێکۆڵینەوە دەدرێت. زیاتر باسی دەستێوەردانی دەرەکی و پلانی ئەمریکا یان تورکیە و یان لاوازیی بەرەی مقاومەت دەکرێت. واتە، بۆ میناک، کەمتر باس لە "ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی فاشیستی بەعسیزم" یان "سیاسەتی ئابووری"ی ناوخۆی سووریە دەکرێت. لەم ئاراستەدا دەمهەوێت بەکورتی ئاماژە بەم دوو فاکتەرە گرینگە بدەم کە ڕێژێمی ئەسەدی لە ناوەوە ڕووخاند و زەمینەی بۆ دەستێوەردانی دەرەکیی مسۆگەر کرد.
بۆ نموونە سیاسەتی ئابووریی سووریە لە ساڵەکانی ١٩٧٠ بەملاوە واتە لە سەردەمی "حافز ئەسەد"دا بە سەرمەشقگرتن لە سیاسەتەکانی وڵاتانی خەلیج دەستی پێ کرد و بەتایبەت لە دەورانی "بەشار ئەسەد"دا سیاسەتی نەولیبرالیزم بەناو کرانەوەی ئابووری (الانفتاح الاقتصادی) گەیشتە لقەپۆپە. لێکەوتەی دەروازەی بازی بازاڕی ئازاد و نەولیبرالیزمی عەرەبی، لە ڤێرژێنی سووریەییدا، بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە ئابووریی وڵات کەوێتە دەستی چینی ئەرتەش و دەوڵەتیانی نزیک لە ڕێژێم و ئاغازادەگانی دەرباری و بەشێکی زۆر لە خەڵک لەوە بێبەش دەکران و دەچەوسێنرانەوە.
ئەم جۆرە ئابوورییە، ناڕەزایەتیی یەکجار زۆری لێ کەوتەوە کە لە بەهاری عەرەبیدا هەندێکی دەربڕیا، بەڵام بەوپەڕی هۆڤییەتییەوە سەرکوت کرا. سەرنجڕاکێش ئەوەیە ڕێژێمی ئەسەد کە لەژێر گوشاری هەندێک لە گەمارۆکاندا نەیدەتوانی سیاسەتی نەولیبرالیی خۆی درێژە پێ بدات، بۆ ئەوەی لایەنگرانی ڕابگرێت، ببووە گەورەترین ترانزیتی قاچاخیی مادەی هۆشبەر و لەم ڕێگەوە داهاتای زۆری بەدەست دەهێنا و لایەنگرانی تێر دەکرد. تێرکردنی لایەنگرانی کەمی دەوروبەر، پەڕاوێزخستن و ناڕەزایەتیی خەڵکانی زۆرینەی لێ دەکەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی تیۆریی "قەرەبووکردنەوە"، واتە ڕووهێنانی بەشێک لە خەڵک بە ئایینداریی تۆندئاژۆ بۆ قەرەبووی ئەو بێبەشییەی کە لە ڕەوتی سیاسەتی ئابووری و ناسنامەییی وڵاتەکەوە تووشی دەبن. ئەم حاڵەتە زۆر جار دەبێتە هۆی پەرچەکردارێکی دەروونناسانە بە بێبەشی؛ هەر بۆیە دەبینین جوگرافیای بڵاوبوونەوەی ڕادیکالیزمی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، زیاتر "گەڕەکە هەژارەکانە". ئەم ڕادیکالیزمە بە جۆرێک مەڵهەم بوو بۆ ژانەکانیان، بۆ بێبەشی و پەڕاوێزخران و بیماڵوحاڵکردنیان.
ناڕەزایەتیی خەڵک زۆربەی جارەکان بە ئاراستەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و پۆپۆلیزمی مەزهەبیدا کاناڵیزە دەکرێت. خاڵی زۆر گرینگ ئەوەیە کە ئەم چینە هەژارە مەزهەبییە کومەکحاڵی تاکتیکەکانی بەرەی تەحریرئەلشام بوون و مەجالی نفووزیان بۆ دەڕەخساندن. ئەوان بەرەی تەحریرئەلشامیان لە خۆیان دەزانی و بۆ ڕزگاریی خۆیان چاویان لێ دەکردن. ئەم هۆکارە گرینگە ناوەکییە مەجالی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی مسۆگەر دەکرد و هۆکارە دەرکییەکانیش مەجالی دەستێوەردانیان وەردەگرت. پێویستە ئەوەش بوترێت کە بەپیچەوانەی سووریەوە، عەرەبستان چینی هەژاری پەڕاوێزخراوی کەم بوو، هەر بۆیە وەبەر بەهاری عەرەبیش نەکەوت. عەرەبستان لە پاش بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕینی ژینا لە کوردستان و ئێران، هەر زووبەزوو چاکسازیی بنەڕەتی بەخێرایی زۆرەوە درێژە پێ دا، بەڵام سووریە هەر بە تەشییە کۆنەکە دەیڕێسی و هیچ جۆرە چاکسازییەکی لە خۆیدا جێگیر نەکرد، لە ئاکامدا کەوتە نێو چاڵی فەنا.
جیا لەمانە دەتوانین بە هۆڤییەت و دڕندەیی و دیکتاتۆریەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی بەعسیزم ئاماژە بکەین. ئەم ناسیۆنالیزمە لەسەر دەستی کەمینەی ١٢٪ی عەلەوییەکان و ئەو مەجالە سەقامگیر بوو کە فەرانسەیییەکان بۆ عەلەوییەکانیان ئامادەسازی کردبوو. پاش سەربەخۆییی سووریە زۆربەی دەوڵەتەکانی سووریە سەر بە عەلەوییەکان بوون. گرینگترینیان بنەماڵەی ئەسەد. ئەم بنەماڵە بەباشی میراتبەری حیزبی بەعسی عەرەبی (البعث العربی) بوون کە لە ساڵەکانی ١٩٤٦ ز. و پاش ڕووداوی ئەسکەندەروون بە فەرمی ناسێندران.
سیاسەتی ناسنامەییی ئەم دەوڵەتە هیچ جۆرە ئازادییەکی بۆ خەڵکانی تر و بەتایبەت بۆ کوردەکان و دەرووزیەکان نەهێشبووەوە. نموونەیەک لە سیاسەتی وێرانکەری ئەم دەسەڵاتە، سیاسەتی (الحزام العربی) بوو. بەپێی سیاسەتی پشتێنەی عەرەبی بەدرێژاییی ٣٥٠ کیلومەتر عەرەبیان کۆچاند بۆ ڕۆژاوای کوردستان و دێموگراڤیای ئەو ناوچەیان بەو دەسدرێژییە ئەتنیکییە بەتەواوەتی شێواند. بە جۆرێک کە مێژوو نموونەی دەسدرێژیی وەهای کەمتر بە خۆیەوە بینیوە.
هەر لەم ئاراستەدا لە ساڵی ١٩٦٤ لە پارێزگای حەسەکە، ١٢٠ هەزار کوردیان لە شوناسنامە بێبەش کرد. ئەمانە تەنیا چەند نموونەن لە میکانیزمی دەروونیی سیاسەتی وێرانکەری بەعسیزم لەسەر نەتەوە ژێردەستەکان. بەگشتی سەرجەم ئەم میکانیزمە دەروونییانە و دەستێوەردانی دەرەلی بووە هۆی کەوتنی ڕێژێمی ئەسەد.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکە،
لێرە کرتە بکەن.
💎
@Perrenus