ڕوشتەیی لوئلوء لە دانەی ئەشکی من دەگرینەوە
بۆیە هەر دەم ئاشنا بۆ حاڵی من دەگرینەوە
کەی دەبێ وەک بولبول و گوڵ دابنیشین پێکەوە
ئەو بە خەندەی لێوی ئاڵ و من بە گریە و شینەوە
باغی ڕوخساری لە من پۆشی بە سەرپۆشی نیقاب
یانی لاچۆ عاجزم ئیمڕۆ بەدەس گوڵچینەوە
تا قیامەت سەر لە سوجدەی شوکردا هەڵنابڕم
گەر بڵێ لاچۆ لەبەر چاوم، بە خەشم و قینەوە
تورکی چاوی گەر ببینێ عابیدی خەڵوەتنشین
دێتە جونبوش ئەو بە جوببە و خەرقەیی پەشمینەوە
با نەکا عاشق گلەی ناحەق لە بەدبەختی ڕەقیب
خوێنی فەرهادە و گوناهی وا بەسەر شیرینەوە
سیحری غەمزەی وەردەگێڕێ زاهید و عالم لە ڕێ
ئەم بە کۆڵێ عیلمەوە، زاهید بە بارێ دینەوە
گەر بڵێم قوربانی تۆ بم ڕوو لە من کە لەحزەیە
وەردەگێڕێ شەمعی ڕوخساری بەدەم ئامینەوە
ڕیشەیی جەرگی لەبن هێنام بە قوللابی موژەی
بۆ دەکا حاشا بە پەنجەی قرمز و خوێنینەوە
چی دەکا ئینگلیزی هیجرت عەسکەری لوتفت کە هات
زوو بە زوو بەسرەی ویسالت بێسەدا دەگرینەوە
من کە وا مات و پیادەم گەر ڕوخی شا ڕێگە دا
تەی دەکەم عەرسەی کومەیتی ئەو بە سەد فەرزینەوە
«ناریا» بێژەنسیفەت تا کەی لەبۆ تورکی جیهان
قەیدی زیندانی بەدەستی نەفسی وەک گورگینەوە
🔸ناری
@trupkirezgari